Workshop (2018-2019)

خوێنکار و ڕۆڵی لە تەندروستی زانکۆدا (٢١/١/٢٠١٩)

بەشی مێژوو بە مەبستی ڕەخساندنی کەشێکی تەندروست و ئاگادارکردنەوەی خوێندکارەکان لە گرنگی پاک ڕاگرتنی ژینگە، وێرک شۆپێکی لە ژێر ناوی (خوێندکار و ڕؤڵی لە تەندروستی زانکۆدا) ئەنجام دا. ئامانجی وێرکشۆپەکە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی زانکۆ و ئاگادارکردنەوەی خوێندکاران بوو لە مەترسیە تەندروستیەکان.

لە تەوەری یەکەمدا باس لە بارەی ڕۆڵی خوێندکارەوە کرا لە پاکڕگرتنی ژینگەی زانکۆ و هاندانی خوێندکاران بۆ ئەنجامدانی چالاکیە تەندروستیەکانی وەک نەمام ناشتن و هەڵمەتی پاککردنەوەی کەمپی زانکۆ لە خاشاک و پاشماوە فڕێدراوەکان.

لە تەوەری دوومدا، تیشکخرایە سەر کافتریا و خواردنگەکانی ناو زانکۆ، خوێندکاران ئاگادارکرانەوە لە مەترسیە گەورەکانی خواردنی خراپ و بەسەر چوو، هەروەها هاندران بۆ ئەوەی چاودێر بن بەسەر خواردنگەکانەوە و لە کاتی بینی هەر حاڵەتێکی نا تەندروستدا لیژنەی تەندروستی لێ ئاگادار بکەوە، بۆ بەرچاو ڕوونی خوێندکارانیش چەندین نمونەی مەترسیدار لەسەر خراپی کوالێتی و ناتەندروستی خواردنی خواردنگەکان خرانە ڕوو تاکو خوێندکار بە هەستیاری و ئاگاییەوە خوارنی ناو کافتریاکان بخوات لە پێناو سەلامەتی تەنروستی خۆیدا.

لە تەوەری سێیەمدا. خوێنداران هاندران بۆ ئەنجام دانی وەرزشە جۆراوجۆرەکان کە کاریگەی گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی خوێندن و یارمەتی زیاتر چالاککردنی مێشک دەدات، هەروە خوێندکاران هاندران بۆ بەشداری کردن لە خول و چالاکیە وەرزشیەکانی ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ.

١- مێژووی هاوچەرخی عیراق (١٩١٤-١٩٦٨) لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی سیاسی. ٢- بیرەوەریەکانی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی. ٣- باشوری کوردستان لە یاداشت و بیرەوەریەکانی مەلا محمد جوانڕۆیی (١٨٦٨-١٩٣٨) ١٣/٢٠١٩

لە چوارچێوەی کارو چالاکیە زانستیەکانی بەشی مێژوو/کۆلێجی پەروەردە، ویرکشۆپێکی بە بەڕێز (پ.ی احمد محمد ناسر) ئەنجام دا، کە تەوەرەکانی وێرکشۆپەکە تایبەت بوو بە خوێندنەوە بۆ سێ لە کتێبە دانراوەکانی ناوبراو.

کتێبی یەکەم بریتی بوو لە (مێژووی هاوچەرخی عێراق (١٩١٤-١٩٦٨) لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی)، کە ئەم بەرهەمە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی سیاسی عێراق و گرنگترین ئەو ئەو رووداوە مێژوویانە خراوەتە ڕوو کە لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨-١٩٦٨ روویان داوە کە لە گرنگترینیان پرسی دامەزراندی دەوڵەتی عیراق و دامەزراندنی حوکمی مەلەکی، پاشان پرسە سیاسیەکانی تایبەت بە پەیوەندی نێوان کورد و بەریتانیا و دەوڵەتی عێراقی کە لەو چوارچێوەیەدا چەندین شۆڕش و بەریەککەوتن ڕوویان داوە، لە لایەکی ترەوە شۆڕش و هەڵگەرانەوە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی عێراق کە ڕوویان داوە لە بابەتە گرنگەکانی ئەم کتێبەن و گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. شایانی باسە کتێبەکە وەک بابەتی مەنهەجی لە بەشی مێژوو، قۆناغی چوارەم دەخوێندرێت.

کتێبی دووەم: (بیرەوەریەکانی مەلا جەمیلی ڕۆژبەیانی)، نوسەر لەم کتێبەدا هەوڵی داوە نوسین و بەرهەمەکانی مەلا جەمیل ساغ بکاتەوە و تیشکی خستووەتە سەر ڕۆڵ و گرنگی ئەم کەسایەتیە لە بواری فکر و مێژوو و زمانزانیدا. مەلاجمیل کوری مەلااحمدی ڕۆژبەیانیەوە و بە یەکێک لە کەسایەتیە دیار و ڕووناکبیرە گەورەکانی سەدەی بیستەم ئەژمار دەکرێت. لەم کتێبەدا چوار لە بەرهەمەکنی ناوبراو زیندووکراونەتەوە و نوسەرخۆی پێشکی و پەراوێزی بۆ کتێبەکە نوسیوە.

کتێبی سێیەم: (باشوری کوردستان لە یاداشت و بیرەوەریەکانی مەلا محمدی جوانڕۆیی (١٨٦٨-١٩٣٨.ز)، کە کتێبەکە تایبەتە بە کەسایەتی ئاینی و مێژوویی کە دەستنوس و پاشماوەی زانیاریە بەجێماوەکانی ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لەسەر زیندووکردنەوەی بەشێک لە مێژووی خیزانی و ناوچەیی کە بەدەگمەن زانیاری لەسەریان هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە خزمەتێکی دیاری لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە کردووە. بۆیە ئەم کتێبە دەروازەیەکە بۆ ناساند و زیندووکردنەوەی مێژووی یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانی میلەتی کورد.

پەیوەندی مێژوو شوناسی نەتەوەیی (١٠/٢/٢٠١٩)

باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مێژوو و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كراوه‌، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ مێژوو چۆن ده‌توانێت خزمه‌تی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكات و كه‌له‌پوور و ڕابردووی نه‌ته‌وه‌ ببورژێنیێته‌وه‌. به‌شێكی زۆری نه‌ته‌وه‌ زیندووه‌كانی مێژوو له‌ رابردوودا سوودیان له‌م میكانێزمه‌ وه‌رگرتووه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ناسینی مێژووی خۆیانه‌وه‌، هه‌وڵی بنیاتنانی ئێستا و داهاتووی خۆیان داوه‌. هه‌روه‌ها له‌م ۆركشۆپه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر بابه‌تی مێژوو له‌ ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌یی و زانستییه‌كاندا كه‌ هه‌وڵبدرێت زانستی مێژوو به‌ شێوه‌یه‌ك دابڕێژرێته‌وه‌ مێژوو به‌ شێوه‌ی چیرۆك و حیكایه‌ت وه‌سف نه‌كرێت و وه‌ك بابه‌تێكی پڕ حیكه‌مه‌ت و زیندوو و خوڵقێنه‌ر ته‌ماشا بكرێت، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ نه‌وه‌كان گرنگی پێبده‌ن و هه‌ست و ئینیتیمای نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی پێ زیندوو بكه‌نه‌وه‌.

پەیوەندی مێژوو ڕۆمان ٤/٣/٢٠١٩

باس له‌ په‌یوه‌ندی ڕۆمان و مێژوو كراوه‌، وه‌ك نه‌ریتێكی تازه‌ی زانستی له‌م ۆركشۆپه‌دا تێڕوانینی نێبه‌شی په‌یڕه‌و كرا، بۆ تێكه‌ڵكردنی كایه‌ جیاوازه‌ زانستییه‌كان و خوڵقاندنی تێڕوانینێكی گشتگیر بۆ دیارده‌كان. به‌ شوه‌یه‌كی گشتی باس له‌ بوار و پانتایی هه‌ریه‌كه‌یان كراو و خاڵه‌ هاوبه‌ش و جیاوازه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان ڕوون كرایه‌وه‌. پرسی زمان و ڕیوات و حه‌قیقه‌ت چه‌قی بابه‌ته‌كان بوون، زمان پردی هاوبه‌شی نێوان ئم دوو كایه‌ جیاوازه‌یه‌ و هه‌ردوو بواره‌كه‌ له‌ رێگه‌ی زمانه‌وه‌ به‌یان ده‌كرێت و به‌رهه‌م دێن. مێژوو كرده‌یه‌كی زمانی ڕیوایه‌تییه‌ و چیرۆكێكه‌ له‌ باره‌ی رابردووه‌ كه‌ مێژوونووس له‌ به‌ فۆرمێكی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ڕابردوو ده‌دوێت و باس له‌ ڕووداوه‌كان ده‌كات، ڕۆماننوسیش دیسان له‌ ڕێگه‌ی هۆنینه‌وه‌ و وه‌سفی زمانی و ڕیوایه‌تكردنه‌وه‌ ڕووداوه‌كانی ژیان ده‌گێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌ پرسی حه‌یقیه‌ت كراو كه‌ له‌م دوو بواره‌دا به‌دی دێت و چۆن مامه‌له‌یان له‌ گه‌ڵدا بكه‌ین.پاشان باسه‌ له‌و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییانه‌ كه‌ كه‌ باس له‌ بابه‌ته‌ مێژووییه‌كان ده‌كه‌ن و ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ له‌ مرۆدا بابه‌خێكی فراوانیان هه‌یه‌.

کاریگەریەکانی پرۆسەی ئەنفال لەسەر ناوچەی گەرمیان ١١/٤/٢٠١٩

لە چوارچێوەی کاروچالاکیەکانی زانکۆی گەرمیان/ کۆلێجی پەروەردەدا بە مەبەستی بەرزڕاگرتن و بە زیندوو هێشتنەوەی پرسی ئەنفال و ئەم ڕووداوە مێژووییەدا، بەشێک لە مامۆستایانی بەشی مێژوو وێرکشۆپێکیان پێشکەش بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان کرد. وێرکشۆپەکە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکهاتبوو:

لە تەوەری یەکەمدا تیشکخرایە سەر مێژووی ئەنفال و چۆنیەتی ڕوودانی شاڵاوەکە، پاشان بەراوردکردنی ئەم ڕووداوە ڕووداوەجیهانیە هاوشێوەکان و بە تایبەتی ڕووداوی هۆلۆکۆست، مەبەست لێی گەیاندنی ئەو پەیامە بوو کە میکانیزم و ڕێگای گونجاو بگیرێتە بەر بۆ بە جیهانی کردنی کەیسی ئەنفال و کارکردن بۆ بە فەرمی ناساندنی وەک ڕووداوێکی کارەسباراوی جیهانی، لە کۆتاییدا کەمتەرخەمی و خاڵە لاوازەکانی دەزگا بەرپرسەکان بەم ڕووداوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لە تەوەری دووەمدا، باس لە بارەی لێکەوتە و کاریگەریەکانی ئەم ڕووداوە کرا لەسەر ژنانی ناوچەی گەرمیان، ئەو نمونە کارەساتباراویانە خرایە ڕوو کە ژنانی ناوچەکە بەسەریاندا هاتوو، گفتوگۆ دەربارەی کاریگەریە دەرونیەکانی ئەم ڕووداوە لەسەر ئەو بەجێماوانەی ئەنفال کرا کە ڕزگاریان بووە لە شاڵاوەکە کە لە ئێستاد پێویستیان بە هاوکاری مەعنەوی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نەهامەتیەکانی ئەو ڕووداوانەی بەسەریاندا هاتووە.

لە تەوەری سێیەمدا، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار خرانە ڕوو لە بارەی بە زیندوو هێشتنەوەی پرسی ئەنفال و دڵنیایی بوون لە گەیاندنی بە نەوەکانی داهاتوو، لەم چوارچێوەیەدا پێشنیاری دامەزراندی ناوەندێکی ئەرشیفی تایبەت بە کۆکردنەوە و پاراستنی پاشماوە بەجێماوەکانی ئەنفال کرا، هەروەها کار بکرێت لەسەر دۆکۆمێنتکردنی ئەم مێژووە زارەکیە بە مەبەستیئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لە داهاتوودا، چونکە ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان بووە و دەتوانن ڕووداوەکان بگێڕنەوە بەهۆی مردن و نەخۆشیەوە ژمارەیان کەم دەکات، بۆیە پێویستە بە تۆماری دەنگی و گرتەی ڤیدیۆیی تەواوی زانیاریەکان دۆکیۆمێنت بکرێت و بپارێزرێت بۆ نەوەی داهاتوو.

لە کۆتاییدا، دەرگای گۆفتوگۆ و پرسیارکردن بە ڕووی ئامادەبواندا کرایەوە و بە خستنە ڕووی چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی دیکە وێرکشۆپەکە دەوڵەمەند کرا، ئەمە جگە لەوەی ڕێگە بەو خوێندکارانە درا کە کەسی یەکەمیان لەدەست داوە تاکو باس لە نەهامەتی و ئازارەکانیان بکەن.